الصفحات

ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری له‌ روانگه‌ی ژیژه‌كه‌وه‌

ژیژه‌ك، له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ (زوددویچه‌ تسایتونگ) دا ستایشی سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌ڕووی په‌نابه‌راندا ده‌كات‌و هاوكاتیش ده‌ڵێت "وه‌ك چه‌پێكی رادیكال ستایشی هه‌وڵه‌كانی ئه‌ڵَمانیا ده‌كه‌م" ده‌ڵێت ده‌بوایه‌ مێركل به‌ رۆشنی به‌رنامه‌ی خۆی بۆ پێشوازی له‌ په‌نابه‌ران بخستایه‌ته‌ روو، تا به‌ری به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ دژ په‌نابه‌رییه‌كان بگرتایه‌، هاوكات ده‌ڵێت به‌هۆی خراپه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆم، هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م. كه‌واته‌ بابه‌تی "دژه‌ په‌رنابه‌ری!" ژیژه‌ك له‌ كوێوه‌ دێت؟ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌و نووسینه‌دا پوخته‌یه‌كی راكانی ژیژه‌ك بخه‌مه‌ روو، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ ژیژه‌ك ده‌كه‌م، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی راكانی ئه‌و گفتوگۆیه‌كی زۆر هه‌ڵده‌گرن‌و شایانی ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ریان بوه‌ستین.
ژیژه‌ك به‌ روونی ده‌ڵێت، ده‌بێت هاتنی په‌نابه‌ران به‌ ته‌واوی رێكبخرێت، چونكه‌ هاتنی بێسه‌روبه‌ره‌ی په‌نابه‌ران ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر زۆر به‌ها‌و نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌ستهاتوو له‌ ئه‌وروپا. ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ژیژه‌ك به‌رگیریان لێده‌كات‌و به‌ "باشترین‌و به‌نرخترین" شته‌كان ناوی ده‌بات، بریتین له‌ "مافه‌كانی مرۆڤ، هاوپشتی، رۆشنگه‌ری" كه‌ به‌ ڕای ئه‌و، ئه‌مه‌ دڵی ئه‌وروپایه‌‌و ئه‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كات، كه‌ ئه‌م به‌هایانه‌ له‌ ئێستادا له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر مه‌ترسیدان. له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ راسته‌ پۆپۆلیسته‌كانی نه‌یاری كۆچبه‌ران، كه‌ ده‌یانه‌وێت وڵاته‌كانیان به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا دابخه‌ن، به‌هۆی ئه‌مه‌یشه‌وه‌ لایه‌نگرییه‌كی زیاتریان بۆ خۆیان په‌یدا كردووه‌‌و، له‌لایه‌كی له‌لایه‌ن ئه‌و چه‌په‌ سۆزداریانه‌وه‌ى به‌ رواڵه‌ت داوای كردنه‌وه‌ی سنوره‌كان ده‌كه‌ن.

ژیژه‌ك ده‌ڵێت كێشه‌ی لیبراله‌ چه‌په‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زانن داواكارییه‌كانیان نایه‌ته‌ دی‌و له‌ ئێستا مومكین نییه‌ هیچ كاتێك سنوره‌كان بسڕێنه‌وه‌، زۆر په‌ڕگیرانه‌‌و رادیكال داواكارییه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ روو، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ هه‌ست به‌ له‌زه‌تێكی تایبه‌ت ده‌كه‌ن‌و هه‌ستێكی ئه‌خلاقی به‌رزیان بۆ دروست ده‌بێت، به‌ڵام داواكانیان به‌جۆرێك نییه‌ شایانی به‌دیهاتن بێت‌و به‌مه‌ش خاترجه‌من. جیا له‌وانیش چه‌پێكی دژه‌ ئه‌وروپیمان هه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ له‌ موسڵمانه‌كان بكه‌ین، به‌هاكانی ئه‌وروپا قبوڵ بكه‌ن‌و پێویسته‌ به‌ كه‌لتوره‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ بمێننه‌وه‌.

له‌م نێوه‌دا، ژیژه‌ك ده‌یه‌وێت به‌ خۆپاراستن له‌ هه‌ردوو ئیحساسه‌ چه‌پگه‌راییه‌كه‌، پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات، له‌ ئه‌وروپادا به‌هایه‌كی دیاریكراو له‌ مافی مرۆڤ ‌و هه‌ستێكی جیهانیانه‌ هه‌یه‌ ‌و ده‌بێت شانازی پێوه‌ بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌سازی‌و كاپیتالیزمیش بنیاتنرابن. له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕوات‌و ده‌ڵێت: ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌ بكه‌ین‌و ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ كه‌سانێك روو ده‌كه‌نه‌ ئه‌وروپا جۆرێك خوازیاری ئه‌و به‌هایانه‌ن بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان.

ژیژه‌ك له‌وه‌ش تێپه‌ڕ ده‌بێت‌و به‌ تایبه‌ت له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگی توندوتیژانه‌ی بونیادگه‌رایی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ نابێت ملكه‌چ بین پێیان‌و نابێت به‌هانه‌ی ئه‌وه‌یان بۆ بهێنینه‌وه‌، كه‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌وانه‌. بۆ نموونه‌ باسی به‌زۆر حجابكردن به‌ كچان ده‌كات، كه‌ نابێت رێگابده‌ین دایك‌و باوكه‌كانیان به‌زۆر پێیان بكه‌ن، یان وه‌ك فه‌رهه‌نگی خۆیان وه‌ری بگرین‌و به‌رگریان لێبكه‌ین. كاتێك موسڵمانێك روو ده‌كاته‌ ئه‌وروپا، نابێت ته‌نیا چاویان له‌ نیعمه‌ته‌كه‌ی بێت، به‌ڵكو ده‌بێت رێز له‌و به‌هایانه‌ش بگرێت كه‌ له‌و شوێنه‌دا هاتۆته‌ دی.
ژیژه‌ك به‌ ته‌واوی ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌پانه‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وام پێداگیری له‌سه‌ر "جیاوازی فه‌رهه‌نگی" ده‌كه‌ن‌و به‌هۆی ئه‌مه‌یشه‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر ژنان بێده‌نگ ده‌بن، به‌و بیانووه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی خۆیانه‌.
به‌ڵام ژیژه‌ك وریایه‌ به‌وه‌ی كه‌ نه‌كه‌وێته‌ به‌رگری له‌ "فه‌رهه‌نگی پێوانه‌" و جۆرێك فه‌رهه‌نگ نه‌كاته‌ پێوانه‌ بۆ هه‌موو كه‌سه‌كان. واتا مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌رگرتنی فه‌رهه‌نگێكی تایبه‌ت نییه‌ بۆ هه‌موو كه‌سه‌كان، دواجار ئه‌وه‌ی ئه‌و پێداگیری له‌سه‌ر ده‌كات بریتییه‌ له‌ "فه‌رهه‌نگێكی پێوانه‌یی هاوبه‌ش".
ژیژه‌ك له‌ شوێنێكی تردا، ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ره‌ڕووی ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری بینه‌وه‌، ده‌بێت به‌ره‌وڕووی كاپیتالیزمی جیهانی ببینه‌وه‌. ئه‌و ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری له‌وه‌دا نابینێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو رووده‌كه‌نه‌ ئه‌وروپا، به‌ڵكو به‌ ده‌ربڕینێكی شێوه‌ په‌ندی ده‌ڵێت: "نه‌ هه‌موو په‌نابه‌ره‌كان ده‌گه‌نه‌ نه‌رویج و نه‌ ئه‌و نه‌رویجه‌ی كه‌ ئه‌وان به‌دوایدا وێڵن بوونی هه‌یه‌".
ژیژه‌ك، ئاماژه‌ به‌ دوو رێگاچاره‌ی باو بۆ ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری ده‌دات. یه‌كه‌میان كردنه‌وه‌ی سنووره‌كان ‌و دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆپۆلیسته‌ ئه‌وروپییه‌كان ده‌یڵێن: پاراستنی شێوازی ژیانی خۆمان‌و وازهێنان له‌وانی تر تا خۆیان كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ژیژه‌ك هه‌ردوو ئه‌مانه‌ به‌ خراپ ده‌زانێت. نه‌ ریاكاری كردنه‌وه‌ی سنوره‌كان، كه‌ ده‌زانن ته‌نیا قسه‌یه‌‌و جێبه‌جێ‌ ناكرێت، هه‌روه‌ها پۆپۆلیسته‌ دژه‌ په‌نابه‌رییه‌كانیش ده‌زانن ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌وانی تر بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ خۆیان، ئه‌وا دیاره‌ كه‌ خۆیان ناتوانن چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆیان بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شداری‌و ده‌ستپێوه‌ردانی ئه‌وروپایه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌فریقا‌و ئاسیا بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی شه‌ڕ‌و وێرانی‌و سه‌ره‌نجامیش ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری دروست كردووه‌، كه‌واته‌ داواكاری با خۆیان كێشه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ته‌نیا ده‌ربڕینێكی پوچ‌و بێمانایه‌. ئه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ورپا بوو كه‌ لیبیای كرده‌ وڵاتێكی وێران. ئه‌وه‌ هێرشی ئه‌مریكا بوو بۆ عێراق كه‌ زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی داعشی له‌باركرد. ئه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانی فه‌ڕه‌نسا بوو كه‌ شه‌ڕو ماڵوێرانی بۆ ئه‌فریقای ناوه‌ند‌و كۆنگۆ‌و وڵاتانی تری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا‌و كرده‌ ناوچه‌یه‌كی وێرانی‌و جه‌نگی به‌رده‌وام. زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ش له‌ پێناو خواستی ئابووری، سه‌رچاوه‌ی نه‌وت، ئه‌ڵماس، مس‌و ئاڵتون بووه‌.

ژیژه‌ك وێرانبوونی وڵاتانی ئه‌فریقا‌و ئاسیا، ته‌نیا له‌ كێشه‌ ناوخۆیی‌و ناوچه‌ییه‌كاندا نابینێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ت‌و ئابووری جیهانییه‌‌و له‌ زۆر شوێنیشدا ده‌ستێوه‌ردانه‌كان به‌ ئاشكرا كراون. له‌هه‌مانكاتیشدا ئاماژه‌ به‌ سیاسه‌تی ناوچه‌پی، له‌وانه‌ خۆپارێزی وڵاتێكی وه‌ك سعودییه‌ بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران ده‌دات، كه‌ هاوكات له‌ رووی ئاداب‌و كه‌لتوریشه‌وه‌ هاوشێوه‌ن. بۆ نمونه‌ په‌نابه‌رانی سوننه‌ له‌ سعودییه‌‌و ئیمارات وه‌رناگیرێن.
مه‌ترسییه‌كی تر كه‌ ژیژه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێك كۆیله‌یه‌تی نوێیه‌ له‌ هه‌ناوی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ دا. ئه‌م كۆیله‌یه‌تییه‌ خه‌ریكه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ دینامیزمی تایبه‌تی ئه‌م سیسته‌مه‌ی لێدێت. واتا ئه‌و سه‌رمایه‌دارییه‌ی كه‌ به‌هۆی ئابوورییه‌كه‌یه‌وه‌ جۆرێك مه‌ودای ئازادییه‌ تاكییه‌كانی دروستكردبوو، ئه‌مڕۆ خه‌ریكه‌ خۆی جۆرێك له‌ كۆیلایه‌تی هاوچه‌رخ دێنێته‌وه‌ پێشه‌وه‌. گه‌رچی له‌ رووی واتا یاساییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ كۆیله‌ دانانرێن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ میلۆنان كرێكاری كۆچبه‌ر له‌ نیوه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدان، كه‌ له‌ مافه‌ مه‌ده‌نی‌و هاوڵاتییه‌كان مه‌حرومن، هه‌روه‌ها ملیۆنان كرێكاری ئاسیایی به‌ سه‌عاتكاری دوورودرێژ‌و كرێیه‌كی كه‌م كار ده‌كه‌ن، كه‌ زۆربه‌یان ژیانیان له‌ ئۆردوگاكاندا رێكخراوه‌، هه‌روه‌ها ناچاركردنێكی فراوانی هێزی كاری زۆره‌ملێیانه‌ له‌ ده‌رهێنانی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان ئه‌فریقای ناوه‌ندی ‌و چه‌ندان نمونه‌ی تر. كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ ملیۆنان كه‌سیان كردووه‌ته‌ كۆیله‌یه‌كی نوێ‌ له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانیدا.
ژیژه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ندێك به‌ها له‌ ئه‌وروپا، بۆ نمونه‌، به‌ جۆرێك په‌یوه‌ست بوون به‌ حزبه‌كان‌و سه‌ندیكاكان خۆیان له‌ كاری كرێی كه‌م ده‌پارێزن. هه‌وه‌رها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌نابه‌ره‌كان زۆرتر چاویان له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤییه‌، له‌ فه‌ڕه‌نسا ئاماده‌ نین خۆیان ته‌سلیم بكه‌ن‌و به‌ته‌مای به‌ریتانیان. بۆ ئه‌و كارانه‌ش گیانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. كۆی هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ په‌نابه‌ره‌كان نه‌ك هه‌ر ته‌نیا وڵاتی خۆیان به‌جێهێشتووه‌، به‌ڵكو هاوكاتیش شێوه‌یه‌كی تری ژیانیان له‌ مێشكدایه‌‌و بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ونی گه‌یشتنیان به‌ شوێنه‌ گونجاوه‌كانی ئه‌وروپا هه‌یه‌.

ژیژه‌ك كێشه‌كه‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌وروپا خه‌ونه‌كانیان بۆ ژیانێكی باشتر بهێنێته‌دی، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و جۆره‌ خه‌ونه‌ بۆ هاوڵاتییانی خودی ئه‌وروپاش له‌بار‌و ئاماده‌ نییه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ راستی "ئه‌و نه‌رویجه‌ بوونی نییه‌"
سه‌ره‌نجام، ژیژه‌ك له‌باره‌ی په‌نابه‌رانی ئه‌وروپا ده‌ڵێت، ئه‌ركی ئه‌وروپایه‌ كه‌ ژیانێكی شایسته‌‌و پارێزراویان بۆ دابین بكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خۆی بۆ ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری ئاماده‌ بكات. ده‌بێت په‌نابه‌ران دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی ئیمتیازاته‌كان، هاوكات ده‌بێت، ئه‌وه‌یشیان بۆ روون بكاته‌وه‌وه‌ كه‌ به‌و ناوچانه‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت رازیی بن، ده‌بێت مل به‌ یاساكان‌و نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌وروپا بده‌ن‌و رێزی بگرن. نابێت ئایینی خۆیان بسه‌پێنن، نابێت سێكسیزم‌و توندوتیژی نه‌ته‌وه‌یی له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت هه‌بێت. نابێت شێوازی ژیان‌و ئایینی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بسه‌پێنن، ده‌بێت رێز له‌ ئازادییه‌ فه‌ردییه‌كان بگرن‌و رێگری له‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ كه‌سێك بیه‌وێت ده‌ستبه‌رداری سوننه‌ته‌كانی ژیانی خۆی بێت. ئه‌گه‌ر ژنێك به‌ویستی خۆی حجابی كرد ده‌بێت رێز له‌ ویسته‌كه‌ی بگیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی نه‌یه‌وێت بیپۆشێت ده‌بێت ئازادی ئه‌و كاره‌ی بۆ فه‌راهه‌م بكرێت‌و یاسا ده‌ستێوه‌ردان بكات.
ژیژه‌ك ده‌ڵێت راسته‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ یاسا‌و نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ به‌ قازانجی شێوازی ژیانی ئه‌وروپییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و به‌هایانه‌یه‌ كه‌ بۆ میواندارێتی له‌ ئه‌وروپا ئه‌درێت ‌و پێویسته‌ ئه‌مانه‌ بكرێنه‌ یاسا‌و به‌ تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر بونیادگه‌رای ده‌ره‌كی‌و ره‌گه‌زپه‌رسته‌ دژه‌ په‌نابه‌رییه‌كان به‌ زۆر جێبه‌جێ بكرێت.

ژیژه‌ك له‌ حاڵێكی تردا، وه‌ك رێگاچاره‌، باس له‌ گۆڕینێكی ریشه‌یی ئابووری ده‌كات، كه‌ ده‌بێت ببێته‌ هۆی گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌زمه‌ی په‌نابه‌ری دروست ده‌كات. چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وا دوور نییه‌ خه‌ڵكی یۆنان‌و وڵاته‌كانی تری خودی ئه‌وروپاش بچنه‌ ریزی فراوانی په‌نابه‌رانه‌وه‌و روو بكه‌نه‌ ناوه‌ندی ئه‌وروپا. ژیژه‌ك داوای جۆرێك له‌ رێكسختنی ئابووری ده‌كات، كه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی زه‌مینه‌كانی هه‌ژاری‌و به‌رگرتن به‌ زیاتر ئاواره‌بوونی خه‌ڵك