وه‌رگێڕان، وه‌ك میوانێك له سه‌ر خوانی نووسین
په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌رگێڕان و نووسین په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه‌یه.
له‌كاتێكدا نووسین پشت به خوێندنه‌وه ده‌به‌ستێت، وه‌رگێڕان جۆێك مه‌یلی
بۆ بێزراوكردنی خوێندنه‌وه هه‌یه. لێره‌دا مه‌به‌ستم وه‌رگر نییه،
به‌ڵكو مه‌به‌ستم خودی وه‌رگێڕه. كاتێك تۆ له‌باره‌ی كارێكه‌وه ده‌نووسیت، پێویستت به وه‌ستان و بیركردنه‌وه‌و گه‌ڕان هه‌یه. به‌شێكی تولی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریش بۆ نووسه‌ر خوێندنه‌وه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه بۆ وه‌رگێڕ ته‌واو پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه. له وه‌رگێڕاندا، سه‌رباری گرنگییه له‌راده‌به‌ره‌كه‌یشی، زانیاری نابێته پاڵنه‌ر. ته‌نانه‌ت بێ هۆ نییه، كه زۆرێك له وه‌رگێڕه‌كان بێ خوێندنه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ن به كاری وه‌رگێڕانی ده‌قه‌كان. به‌ڵكو زیاتر جۆرێك هونه‌ری "زمانزانین، دارشتن" كاره سه‌ره‌كییه‌كان رایی ده‌كات. به‌ڵام بۆ نووسین هونه‌ری "زمانزانین، دارشتن" ده‌بنه هونه‌رێكی لاوه‌كی و ئه‌وه‌ی به سه‌ره‌كی ده‌مێنێته‌وه پاڵنه‌ری نووسینه واتا ده‌ربڕینی شتێك، یان ئه‌نجامێكه. ئه‌نجامگیری بۆ نووسین ده‌توانێت دروستكردنی جۆرێك په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌رو نووسراوه‌كه‌ی بێت.
له دیوانه شیعرییه‌كه‌ی گۆران‌دا، پانتاییه‌كی زۆری بۆ یه‌كانگیری مرۆڤ و سروشت و ده‌وروبه‌ری هه‌یه. مرۆڤ هه‌ست ده‌كات به‌شێكه له سرووشته‌كه‌ی، یان ژیانه‌كه‌ی شتێكی دابڕاو نییه له خۆی. به زمانێكی تر، مرۆڤ وێنه‌یه‌كی ده‌قاوده‌قی خۆیی ده‌بینێت، كاتێك رێگه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر دوو دێڕی:
کراس که‌تانی که‌وا سه‌وزی به‌ژن و باڵا به‌رز
به شان و گۆزه‌وه چه‌ن جوانی ئه‌ی په‌ری سه‌ر ئه‌رز
له دووره‌وه چ نمایانه پێچ و سه‌رپۆشت!
چ زوو ئه‌گاته ده‌ماخم شه‌پۆلی بۆی خۆشت!
به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌و دیوانه‌دا ده‌چینه سه‌ر شیعره
وه‌رگێڕاوه‌كان، كاره‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك به‌ر
ئه‌م دێره شیعره ده‌كه‌وین:
گۆڕاوم؟ به‌ڵێ! ئه‌بێ پێی لێ نێم كه من گۆڕاوم!
عه‌شقت وه‌ك جاران ته‌ئسیر ناكا تێم، ئه‌ی نووری چاوم!
ئه‌م دوو نمونه‌ی نووسین/وه‌رگێڕان له خۆیدا هه‌ڵگری ده‌یان واتای
جیاوازه، گوزاره‌ی دووكه‌لتوره، هه‌ناسه‌ی دوو كۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام
دیارترین جیاوازییه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته نێوان دوورانه‌ی خۆبوون/ نامۆبوون. ده‌قی نووسراو، ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌قێكی سه‌لیم به‌رهه‌م هاتبێت، په‌یامی لۆژیكی هه‌بێت، رێچكه‌یه‌كی باشه بۆ گه‌یشتن به خۆبوون. چونكه هه‌ر ده‌قێك ناچاره پرسیار له دۆخی مێژوویی خۆی بكات. بۆ ده‌نووسین؟ بۆ پێویسته بنووسین؟ كێشه‌ی نووسین چییه؟ سه‌ره‌نجام ئه‌ركی نووسین چییه؟ ئه‌مانه نووسه‌ر پابه‌ند ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه سه‌ر خولیایه‌كه‌كی دیار‌و به‌رجه‌سته، به‌رپرسیاری ده‌كه‌ن. ئیتر ده‌روازه‌ی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ر داده‌خرێت، بڵێین فڵان باسى فڵان كاری وه‌رگێڕان رای نووسه ئه‌سڵییه‌كه بووه. سحری ئه‌م جۆره حیكایه‌ته له نووسین دا زوو به‌تاڵ ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌م پرسیارانه له‌كاری وه‌رگێڕاندا نییه. ئه‌وه‌ی ده‌توانێت "گوێ بگره پیاوی بچوكی ولیه‌م رایش وه‌ربگێڕێت" هه‌ر ئه‌ویشه ده‌توانێت "خه‌باتی منی هیتله‌ر وه‌ربگێرێت". بیرمه له پێشه‌كی یه‌كه‌م وه‌رگێڕتنی شانۆنامه‌ی گۆدۆ بۆ زمانی كوردی، وه‌رگێڕ ده‌ڵێت بۆیه وه‌رم گێڕاوه تا ره‌خنه‌ی لێ بگرم. كه‌واته مه‌رج نییه وه‌رگێڕان كارێك بێت له‌سه‌ر ده‌قه‌كه خۆی، زۆر جار ده‌ق، وه‌ك لاشه‌ی مردوویه‌كی دووره وڵات ده‌هێنرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به له‌پاڵ خۆماندا بینێژین. زۆرجار وه‌رگێڕان ته‌نیا ئامرازێكه بۆ گواستنه‌وه.
ئه‌و پانتاییه‌ی ئێستا بۆ كاری وه‌رگێڕان هه‌یه، كه ده‌توانین بڵێن ده‌زگاكانی چاپ ، ده‌زگای وه‌رگێڕانن، تا ده‌زگای نووسین بن، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه نووسه‌ری كورد هێشتا نه‌یتوانیووه له‌گه‌ڵ دۆخی خۆیدا بكه‌وێته كێشه‌وه. پرسیاری له‌سه‌ر دۆخی خۆی نییه یان كه‌مه و ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م نامۆبوونی ده‌ق و نووسین له‌گه‌ڵ بارودۆخ دا دروست ناكات. سه‌ره‌نجامی كارێكی له‌م جۆره ده‌توانێت به قازانجی ئه‌و ستراكچه‌ره چه‌قیوه بێت كه هه‌یه. كه‌واته له رووی سیاسییه‌وه، نووسین جه‌نگێكی راسته‌وخۆیه، له‌كاتێكدا وه‌رگێڕان دره‌نگتر تێكه‌ڵاو ئه‌م جه‌نگه ده‌بێت.
كاتێك نووسینێك نه‌توانێت شیكردنه‌وه‌یی بابه‌تی ئه‌و دۆخه‌ی باو بخاته‌ڕوو، كاتێك ره‌گه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌رچوون نه‌چێته ستراكچه‌ری نووسینه‌وه، كاتێك پرسیاری نه‌كات بۆ بارودۆخ وایه و چاره‌سه‌ر چییه نه‌بێته به‌شێك له ده‌ق و نووسین، ئه‌و كاته بۆ پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات گرنگ نییه ئه‌و وه‌رگێڕانه قورئانه یان كاپیتاڵ، ئینجیله یان كۆده‌كانی دافنیشی. به‌راستیش له روسیادا به‌رگی یه‌كه‌می كاپیتاڵ له‌سه‌رده‌می ژیانی ماركس دا كرایه روسی، به‌ڵام تا چه‌ند كتێبی هاوچه‌شنی "گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌رداری له روسیا"ی لینین نه‌هات، هێشتا وه‌رگێڕانه‌كه‌ی كاپیتاڵ بێ ئه‌رك مابوونه‌وه.
ئایا له راستیشدا له كه‌ڵچه‌ری ئێمه‌دا، گواستنه‌وه‌ی قورئان وه‌ك چیرۆكی خوتبه و بۆنه ئایینه‌كان كه ده‌بنه به‌شێك له رۆشنبیری ئاسایی ته‌قیلیدی ئێمه، له‌گه‌ڵ به‌كاهێنانه‌وه‌ی قورئان له به‌رهه‌مێكی وه‌ك "ئاده‌میزاد له كۆمه‌ڵی كورده‌واری – عه‌بدولخالق مه‌عروف" كه بووه هۆی یه‌كێك به‌یه‌كدادانه دیاره‌كانی سیاقی فكری ئێمه‌دا، شتێكی تر بوو، جیا له له به‌یه‌كدادانێك له نێوان وه‌رگێڕان (وه‌ك كایه‌یه‌كی گواستنه‌وه) له‌گه‌ڵ نووسین (وه‌ك كایه‌یه‌ك كه ئه‌ركێكی تایبه‌تی هه‌بووه)؟ له‌كاتێكدا هه‌ر دووكیان كاريان له‌سه‌ر یه‌ك ده‌قێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌كرد.
وه‌رگێڕان (وه‌ك میوانێك له سه‌ر خوانی نووسین) ده‌توانێت یه‌كانگیر بێت یان دژ و نامۆ، له راستیدا زۆربه‌ی ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كان ده‌قێكی نامۆن چونكه له زه‌مینه‌ی فعلیدا بێ ئه‌رك ده‌مێننه‌وه یان هێزی دووباره وه‌رگێڕانیان بۆ پراتیك و بۆ هوشیاری تێدا نییه. ده‌وترێت به‌شێكی زۆری بۆچوونه‌كانی ئه‌رستۆ به‌تاڵ بوونه‌ته‌وه، ئه‌ی بۆ تا ئێستا به‌شێكی زۆری قورسایی وه‌رگێڕان بۆ ئه‌وانه؟ وه‌رگێڕان، له باشترین جۆریشیان، له‌رێگای وشه‌كانه‌وه نابنه به‌شێك له فكر، به‌ڵكو ده‌بنه به‌شێك له زانیاری گشتی (ئه‌نسكۆپیدیا)، ته‌نیا له رێگای ماشێنی فكرییه‌وه جارێكی تر تێكه‌ڵاو تێگه‌یشتن ده‌كرێنه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه، وه‌رگێڕانێكی زۆر و نووسینێكی كه‌م، یان كه‌م وه‌زیفی وه‌رگێڕان له دنیاری شیكردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا. سه‌ره‌نجامیش نه‌بوونی ماشێنێكی فكری تا ئه‌وانه بكاته تێگه‌یشتنێكی كۆنكرێتی.