الصفحات

ترامپ سه‌ركه‌وت، دواتر چی؟


له‌ كاتێكدا، فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره‌ی ئه‌مریكی وه‌ك چۆمسكی، به‌ ئاشكرا رایده‌گه‌یاند، ترامپ مه‌ترسیترین دیارده‌ی سیاسی ئه‌مریكایه‌ و به‌ ئاشكرا باسی له‌ ده‌نگدانی "دژه‌ ترامپ" ده‌كرد، فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك ژیژه‌ك بابه‌ته‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ و به‌ ئاشكرا دیارده‌یه‌كی سیاسی _سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك هیلاری به‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی داده‌نا.
چۆمسكی له‌و روانگه‌یه‌وه‌ شته‌كان ده‌بینێت، كه‌ هاتنی كه‌سێكی بازاڕی و دژه‌ په‌نابه‌ر و به‌ راده‌یه‌ك دژه‌ ئیسلامی ده‌بێته‌ خوڵقاندنی كاره‌سات چ له‌ ئه‌مریكا و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌ڵام ژیژه‌ك به‌هانه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی خۆی.



ژیژه‌ك به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت، كه‌ ئه‌و ترسی له‌ دیارده‌ی ترامپ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆی ئه‌مریكی بوایه‌ ده‌نگی به‌ ترامپ ده‌دا. ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ خۆی هه‌ڵگری جۆره‌ شۆكڵێكی ژیژه‌كیانه‌یه‌، مرۆڤ چۆن ده‌توانێت ده‌نگ به‌ كاندیدێك بدات، كه‌ مایه‌ی ترس بێت.
به‌ڕای ژیژه‌ك، ئه‌گه‌ر ئۆپشنه‌كه‌ له‌ نێوان هیلاری و ترامپ دا بێت، ده‌بێت له‌ باشی و خراپییه‌كانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك بكۆڵینه‌وه‌. هیلاری كه‌سایه‌تییه‌كی قاڵبوونی ناو سیاسه‌تی ئه‌مریكایه‌ و چه‌ند ده‌وره‌یه‌ك رۆڵی پۆسته سه‌ره‌كییه‌كانی بینیوه‌، ئه‌مه‌ وا ده‌كات هیلاری وه‌ك جۆرێك ریتمی باوی سیاسه‌تی ئه‌مریكا، یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی رامكراوی بانك و سه‌رمایه‌ی ئه‌مریكی لێهاتبێت، ئه‌ركی خۆی له‌ وه‌فاداری به‌ ریتمی سیاسه‌تی ئێستاوه‌ ببینێته‌وه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ڵبژاردنی هیلاری ئه‌توانێت، له‌ باشترین حاڵه‌تدا، به‌ واتای درێژه‌كێشانی سیاسه‌تی ئێستای ئۆباما بێت، و له‌ خراپترین حاڵه‌تیشدا گه‌ڕانه‌وه‌ك بێت بۆ سه‌رده‌می كلینتۆن، به‌ڵام هه‌ردوو ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ یه‌ك واتای هه‌یه‌: مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو و ده‌ستلێنه‌دراو.

كه‌واته‌ باشییه‌كانی ترامپ چییه‌ و بۆچی كاتێك له‌ ژیژه‌ك ئه‌پرسن، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكی بویتایه‌ ده‌نگت به‌كێ‌ ئه‌داو ئه‌ویش بێ‌ بیركردنه‌وه‌ و بێ‌ وه‌ستان ده‌ڵێت: ترامپ.


به‌ڕای ژیژه‌ك، ترامپ ده‌بێته‌ جۆرێك مه‌ترسی بۆ تێكچوونی ریتمی ئێستای سیاسیه‌تی ئه‌مریكی. ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی باشه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ بیه‌وێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ جێگره‌ جموده‌ توشی جوڵان بێت. هیلاری ئه‌م ئاراسته‌ سیاسییه‌ی نه ده‌جوڵاند، هه‌ر بۆیه‌، به‌ لای ژیژه‌كه‌وه‌ "مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌" بووه‌. به‌ڕای ژیژه‌ك مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی مه‌ترسیترین شته‌. لێره‌دا هه‌ست به‌ بۆن و به‌رامه‌ی ده‌ربڕینه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ماو ده‌كه‌ین: ئاشوب هه‌یه‌ كه‌ واته‌ بارودۆخه‌كه‌ باشه‌.
ژیژه‌ك ده‌یوت، ئه‌گه‌ر ترامپ سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وا سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ "كاروباری سیاسێكی نوێ‌"، ده‌بێت ئه‌م نوێبوونه‌، لای ژیژه‌ك، له‌ واتای دژه‌ وه‌ستاوی دۆخی ئێستای سیاسه‌تی ئه‌مریكادا ببینیننه‌وه‌.

ئێستا به‌ ژیژه‌ك بجێبهێڵین. ترامپ سه‌ركه‌وت، ئه‌و به‌ كرده‌وه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ دوو مانگی تر، جڵه‌وی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت. ئایا ئه‌م دیارده‌ سیاسیه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌، واتا چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوونی ده‌رچوونی ترامپ، ئه‌توانێت چی واتایه‌كی نوێ‌ بۆ جیهان و به‌ تایبه‌ت بۆ بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری بخاته‌ روو، بۆ چوونه‌ سه‌ر بابه‌تێكی له‌م جۆره‌ پێویسته‌ دوو پرسیاری جه‌ده‌لی بخه‌ینه‌ روو:

یه‌كه‌م: چ گۆڕانكارییه‌ك له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكادا روو ده‌دات. وه‌ڵامی ئاماده‌ ده‌ڵێت: هیچ. به‌ڵام باشتره‌ خۆمان له‌م جۆره‌ وه‌ڵامه‌ ئامادانه‌ بدزینه‌وه‌ و خۆمان بخه‌ڵه‌تێنین و بڵێین گوتمان لێنه‌بووه‌. وه‌ڵامێكی واهیچ واتایه‌كی نییه‌ جیا له‌وه‌ی پێمان وابێت له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا هیچ رووی نه‌دابێت، روسیا و چین نه‌بووبێتنه‌ زه‌بلاحی سیاسی و ئابووری، فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر ئاگر نه‌بووبێت و نه‌كه‌وێته‌ ئاراسته‌یه‌كی تری سیاسی جیهانی، به‌ریتانیا له‌ كه‌شتی كونبووی ئه‌وروپا رای نه‌كردووه‌ و ئێستا وه‌ك ته‌ریكبووییه‌كی "نیشتمانچی" لێنه‌هاتبێت.
پرسیاری دووه‌م: پرسیارێكی ئازه‌ده‌رتره‌: ئایا ده‌كرێت ئیتر له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا سیاسه‌تی چه‌پ هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای " جیهانێكی باشتر" بنیات بنرێت و نه‌گۆڕێت بۆ "جیهانێكی نوێ‌" بۆ سیسته‌مێكی تر؟